Skip Navigation Links
كوردی » نووچه : رۆژهات ئامەدی :بۆ رای گشتی
 
رۆژهات ئامەدی :بۆ رای گشتی
2009-12-14 09:59
MediaKurd > info@mediakurd.com
بۆ رای گشتی
هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ توركیا گرنگ و پێویستە بەمەرجێك لەسەر حیسابی هێزەكانی باكووری كوردستان نەبێت!!

وەكو ئاشكرایە بە درێژایی سەدان ساڵە میللەتی كورد لەسەر خاكی خۆی، لە گشت مافە رەوا مرۆڤی و نەتەوەییەكانی بێبەشكراوە. پێشەنگیی ئەم زۆردارییە مێژووییەش، لەلایەن توركە تۆرانی و عەجەمە فێڵبازەكانەوە بەڕێوەچووە. بێگومان میللەتی كورد لەبەرامبەر ئەم زۆردارییە بێدەنگ نەماوە. مێژووی كورد پڕە لە سەدان راپەڕینی رزگاریخوازنە، كە سەد ساڵەی(20) باشترین نموونەیە بۆ سەرهەڵدانەكانی ئازادیی نەتەوەیی كورد. لەمانە راپەڕینی شێخ سەعیدی پیران، سەید رەزای دێرسمی، قازی محەمەد و سەرۆكی نەمر مستەفا بارزانی، لەو نموونە بەرزانەی بەرخۆدان و خۆراگریی نەتەوەی كوردن.
بەداخەوە، گشت سەرهەڵدانە نەتەوەییەكانی كورد، لەلایەن دەوڵەتە شۆڤینییەكانەوە، كە وڵاتی ئێمەیان داگیركردووە، بەهەموو میتۆدێكی چڵكەنی دژە مرۆڤی لەناوبران. یاخود سەرهەڵدانەكانی گەلەكەمان بوونە قوربانی پێشهاتی كۆنژەكتۆرە سیاسییەكانی جیهان. لە باكووری كوردستان میتۆدی هەرە نامرۆڤایەتی لە ساڵانی 1925 – 1938، لەدژی داخوازییە رەواكانی نەتەوەی كورد بەكارهێنراون. لە ئەنجامدا بە سەدان هەزار كورد كورژان و شوێنی ژیانیان وێرانكرا، وێڕای ئەمەش بە سەدان هەزار كەسی كورد لەسەر خاكیان دەركران، لە خاكی كوردستان دوورخرانەوە، بوونە قوربانی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی شۆڤینیزمی تورك. لە كایەی ئەم سیاستە نامرۆڤایەتییەدا، لەدوای ساڵی 1938، لە سەرتاسەری باكووری وڵاتمان، لە ئاكامی ئەم شاڵاوەدا، بێدەنگییەك باڵی بەسەر كوردستاندا كێشا.
گەڕانەوەی سەرۆكی نەمر مستەفا بارزانی، هەروەها تێكۆشان و خەباتی ئەو لە باشوور، لەڕووی گیانی تێكۆشانی نەتەوەییەوە كاریگەریی خۆی لەسەر باكووری كوردستان كرد. بەتایبەتی، بانگەوازییەكەی لەپێناوی پێكێهنانی كۆنگرەی نەتەوەیی، لە هەموو كوردستان دەنگی دایەوە. بەگوێرەی ئەو كات، ئەگەر كەمیش بووبێت، بەسەدان وڵاتپارێزی كورد لەپێناوی پاراستنی مافی نەتەوەیی، دەستیان بە خەبات كرد. لەم نێوەدا لەناو ریزی توێژە رۆشنبیر و وڵاتپارێزەكاندا گفتوگۆ دەستپێكرا. بیرۆكەی دامەزراندنی پارتی و دەزگاكانی كورد، لەدوای ئەمەو بە ئاسان گفتوۆگیان لەسەر كرا. دەسەڵاتدارانی تورك لەبەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، هەستیان بەم پێشكەوتنانە كرد، بۆ پێشگیریكردنی پەنای بردەبەر بە هەمان میتۆدە كۆنەكانیانی. بەهۆی ئەم سیاسەتەی توركیا لە ساڵی 1959دا، (50) رۆشنبیری كورد دەستگیركران. بەر لەمەش (500) كەسایەتی لە بنەماڵە ناودارەكانی كورد دەسگیركرابوون، لەنێویشیاندا (55) كەس نەفیكران. یەك لەمانە فائیق بوجاك بوو، كە سەردەمێك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا بوو.
دەوڵەتی توركیا بە میتۆدی گرتن و نەفیكردن، نەیتوانی پێشگیری لە خەباتی وڵاتپارێزانی كورد بكات. لەلایەن كۆمەڵێك رۆشنبیری كورد، لە بواری راگەیاند، دەستیان بە كار و خەبات كرد، لەلایەكی دیكەشەوە كۆمەڵە كەسێكی رۆناكبیر و وڵاتپارێزی كورد، دامەرزاندنی پارتییەكی كوردیان بە پێویست دەزانی. بەم هۆیەوە لە ساڵی 1965 لە باكووری كوردستان پارتیمان (پ. د. ك –ت) دامەزرا. (پ. د. ك –ت) هەر لە سەرتاوە قورسایی خەباتی خۆی خستە سەر شۆرشی باشووری كوردستان. لەبەر ئەمەش بووە ئامانجی هەرە سەرەكیی هێزە ئاسایشەكانی دەوڵەتی توركیا. ساڵێك لەدوای دامەزراندنی پارتی، سەرۆكی پارتی پارێزەر فائیق بوجاك بە دەستی ئەرگەنەكۆنچییەكان (Özel Harp Dayiresi) كوژرا. پاشان لە 19/1/1968دا گشت كادر و بەڕێوەبەرانی پارتی دەستگیركران. لەدوای پەیماننامەی (11) ئادار، پارت و لایەنە وڵاتپارێزەكانی تریش، لەلایەن دەوڵەتی توركیا بەمە تۆمەتباركران، كە هاوكاریی بارزانی دەكەن، سەرلەنوێ بوونە ئامانجی هێزەكانی ئاسایش. ئەم رەوشە تاكو كودەتای سەربازیی 1971 بەردەوام بوو. بەهۆی ئەم سیاسەتەوە ژمارەیەكی زۆری كادر و ئەندامانی پارتی و كەسانی وڵاتپارێزی كورد دەستگیركران.
لەگەڵ هەموو ئەم كێشە، گرفت و ئاستەنگانەدا ناكۆكییە ناوخۆییەكانی رێبەرانی پارتی دەستیپێكرد. هەرچەندە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان هەوڵدرا، بەڵام هێزە ئەمنییەكانی دەوڵەتی توركیا ئەو كێشەو گرفتانەی قوڵتركردەوە. ئەنجامی ئەمە كوشتنی رێبەر و ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتیی پارتیی لێكەوتەوە. ئەوە لە مێژووی بزاڤی كورددا وەك(بوویەرا سەیدان) جێیگر تووە.
(پ. د. ك –ت) بەهۆی ئەم پێشهات و رووداوانە، بەدوای یەكەوە دووچاری دەربەخواردن بووەوە، بەڵام پارتی لە خەباتی خۆی هەمیشە بەردەوام بوو. لەگەڵ ئەم كۆسپانەشدا، پارتی لە ساڵی 1973بە بەشداربوونێكی بەهێز، یەكەمین كۆنگرەی خۆی بەست. بۆ بەهێزكردنی رێكخستنی پارتی، ئەگەر كەمیش بووبێت، بەپێی هەلومەرجەكانی ئەو كات، خەباتێكی رێكوپێك كرا. ئەو هەڵوێستە بە بڕیارەی بووە ئاكامی بەستنی كۆنگرەی دووەم لە ساڵی 1975، كە درێژە پێدانی خەباتی بەردەوام كرد. زۆر بەداخەوە، لەگەڵ ئەم پێشكەوتنە پۆزەتیفانەدا، لە باشووری كوردستان شۆرشی ئەیلول دووچای شكست بووەوە، پارتی بەهۆی ئەم شكستەوە دەربەیەكی دیكەی بەركەوت. دەتوانین بڵێین، گشت رێكخستنەكانی دیكە، پارتی ئێمە و رێبازی (بارزانی)ـیان بە شكستخوزادرنی شۆرشی ئەیلول تاوانبار دەكرد. بێگومان لەو هەلومەجەدا بەردەوامكردنی خەبات زۆر بە زەحمەت بوو. لەدوای ساڵی 1975 قۆناغی نوێ بۆ پارتی هاتەپێشەوە، لەلایەك لە باشووری كوردستان سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی شۆڕش، لەلایەكی دیكەشەوە لە باكووری كوردستان بەهێزكردنی پارتی بوو. پێویستە بگوترێت لە ساڵی 1976پارتی هەم بۆ دەستپێكردنی شۆڕشی گۆڵان، هەمیش بۆ بەهێزكردنی خەباتی ئازادیخوازی لە باكووری وڵاتمان، هەنگاوی زۆر هێژای نایەوە. -جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاك مەسعود بارزانی لە پەرتووكی خۆیدا رۆڵی خەباتی (پ. د. ك –ت) لە دەستپێكردنی شۆڕشی گۆڵان باس دەكات. لە تەنگانەی ئەم رۆژانەدا، كە هەر كەس لە رێبازی بارزانی دووردەكەتەوە، بە رەخنەی زۆر توند هێرشی دەكرایەسەر، پارتیمان برایانی خۆی لە باشووری كوردستان بە تەنیا نەهێشت، بە هەموو شێوەیەك پیشتیوانیان بوو-. راستگۆ بوون، ئەم پارتییە هەر وەكو لقێكی پارتیی باشوور كاریكرد. بەهۆی ئەم هاوكاریكردنەشەوە، كۆسپی نوێی دروستكرا. هاتنە پێشەوەی گیروگرفتەكانی ناو پارتی باشوور، كە لەسەر رەتكردنەوەی رێبازی (بارزانی)ی نەمر دروست ببوون، كاریگەریی لەسەر پارتی ئێمەش كرد. ئەمە لە ساڵی 1977دا بووە هۆی پارچە بوونی پارتیمان.
لەلایەك ئەو گۆڕانكارییانە، لەلایەكی دیكەشەوە كاریگەریی بای بیرۆكەی ماركسیزم لەسەر كەسانی وڵاتپارێز و گەنجە شۆڕشگێرەكان، كە رێكخراوی جۆراوجۆریان پێكهێنابوو، ئەو بوارەی نەهێشتەوە، كە كورد لە باكووری كوردستان، بتوانێت ببێتە خاوەنی ئەلتەرناتیفێكی رێكوپێك. لەگەڵ ئەم راستییەش، ئەم گروپە شۆڕشگێر و خوێنگەرمانە رۆژ بە رۆژ لە پەرەسەندندابوون. چاڵاكییەكانی ئەو گروپانە لە سەرانسەری باكووری كوردستان، رۆژەڤی توركیایان داگیركردبوو. لە هەموو شارەكانی كوردستان كۆمەڵە و دەزگایان دروستكردبوو. بەڵام دەوڵەت هەموو هێز و تواناكانی لەهەمبەر ئەم پەرەسەندنانە بەكارهێنا. سەرئەنجام بە سەدان گەنج و شۆڕشگێری كورد كوژران. هێزە ملیتاریستەكان بەم بەرنامەیە بناغەی كودەتای (جۆنتای) سەربازیی داڕشتبوو. ئیدی هیچ كۆسپێك لە بەردەم هێزە ملیتاریستەكان نەمابووەوە. ئەوەبوو لە 12ی ئەیلولدا بە كودەتایەكی سەربازی جڵەوی دەستەڵاتیان گرتەدەست. لە ئاكامی ئەمەدا بە هەزاران كورد دەستگیركران و كوژران. زیندانی دیاربەكر شاهیدی ئەم بوویەرە شەرمەزارییەیە. زەمەنی ساڵانی (80)كان بە شەڕی چەكداریی (پەكەكە) پڕكرایەوە، ئەم شەڕە لە ئامانجە راستەقینەكەی زیاتر زیانی بە كورد گەیاند. بەهۆی ئەمەوە لە سەرتاسەری باكووری كوردستان، كارەساتێكی زۆر گەورە روویدا. لە سایەی ئەم شەڕەوە گشت كەسایەتی، رێكخستن و پارتەكانی دیكە دەست و پێیان بەسترایەوە. جگە لە (پەكەكە)، هیچ كەس مافی ئەوەی نەبوو، بچێتە مەیدانی رۆژەڤی سیاسەتەوە. دڵسۆزیی چەكدارانی (پەكەكە)، كە سینگی خۆیان لە بەرامبەر هێزە ملیتاریستەكان كردبووە قەڵغان، بووە قوربانیی سیاسەتی چەوتی سەرۆكایەتی (پەكەكە).
لە كۆتایی ساڵانی (80)كاندا ئایديۆلۆژی ماركسیزم - لینینیزم، كە لەسەر بنەمای ستالینیزم بونیاتنرابوو، تێكچوو. ئەمە لەگەڵ خۆیدا هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی هێنا. بەهۆی ئەمەوە كۆنژەكتۆری سیاسی لە سەرتاسەری جیهان گۆڕانكاریی بەسەرداهات. لەناو سۆڤیەتدا دەوڵەتی نوێ دروست بوون. ئەو دەوڵەتانەی لەژێر هەگەمۆنیای سۆڤیەتدا بوون، سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند. بەمە گشت دیكتاتۆرەكانی ئەوروپای رۆژهەڵات چوونە زبڵدانی مێژووەوە. هەردووك دەوڵەتی ئەڵمانیای رۆژهەڵات و رۆژئاوا یەكیانگرتەوە. ئەم پێشكەوتنانە كاریگەرییان لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەجێهێشت. رژێمی دیكتاتۆری بەعس، كە هەموو هێزی خۆی لە یەكێتی سۆڤیەت وەردەگرت، بە بێ پاڵپشت مابووەوە. ئیدی كاتی ئەوە هاتبوو، كە رێگە لە رژێمی بەعس بگیرێت، ئەو رژێمەی كە بەهاوكاری سۆڤیەتی ستالینیستی زیاتر لە نیو ملیۆن كورد و شیعەی كوشت، بە هەزاران گوندی كوردستانی وێرانكرد. بە كارهێنانی چەكی كیمایی، ئەنفالكردنی(182) هەزار كورد، بێسەروشوێنكردنی (8) هەزرا بارزانیی مێرخاس، ئاوارەكردنی زیاتر لە (200) هەزرا كەسی كورد لەساڵی1975بۆ ئێران، پەنابەربوونی دەیان هەزار كەس لە هەرێمی بادینان بۆ توركیا، تابڵۆی ئەم رژێمە بۆگەن و چڵكەنە بوو...
(زۆر بەداخەوە، ئەمڕۆ بەسەدان لایەنگر و كارمەندی ئەو رژێمە چڵكەنە، بە دەیان ئایدیۆلۆگی ستالینیستی لەناو دامودەزگاكانی كوردستان بەژن و باڵای خۆیان دەهەژێنن، ئەمە كۆسپێكی جددییە لە پرۆسەدۆری سەركەوتندا).
لە سەرەتای ساڵی 1991دا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی هێرشیان كردەسەر رژێمی دیكتاتۆر. ئەو رژێمەیان لە كوێت دەرخست، گەنەڕاڵ شوارس كۆپف بە بڕیارەوە بۆ لەناوبردنی رژێم، رووی لە بەغدا كرد. بەڵام دیسان كۆنە ستالینیستەكانی یەكێتی سۆڤیەت، بە مەبەستی "بەرنامە لەناوبردنی رژێمی بەعس نەبووە، بەرنامە تەنیا رزگاركردنی (كوێت)ـە"، رێگربوون بۆ لەناوبردنی رژێمی بەعس. سەیرە، رۆژێك لە رۆژان ئەم راستییە، بەشێوەیەكی تەندروست لەناو راستای سیاسەتمەدارانی كورد گفتوگۆی لەسەر نەكرا. دەبێ مرۆڤ ئەمە بە بیری ئەو كەسانە بێنێتەوە، كە نیقاشكردنی ئەم راستییە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نەبوو. سۆڤیەتی"گەورە"، لەكاتی بەكارهێنانی چەكی كیمایی لە هەڵەبجە، بە هەمان سیاسەتەوە پشتیوانیی لە سەدامی تكریتی كرد. كاتێكە لە ساڵی1988دا هەندێك لە وڵاتانی رۆژئاوا بە سەرپەرشتی ئەمریكا، ویستیان عێراق بەهۆی بەكارهێنانی چەكی كیمایی، لە (UN) تاوانباربكەن، لە سەرەتادا سۆڤیەت لەدژی ئەم هەوڵە دەركەوت. لەگەڵ ئەمەشدا رۆژنامەی پڕاودا هەواڵێكی بڵاوكردەوە كە "عێراق لەدژی كورد چەكی كیماییی بەكارنەهێناوە، ئەمە درۆی خودی (جەردەوانە) كوردەكانە". لە سایەی هاوكاریی سۆڤیەت، بەعس لەسەر كار مایەوە، بەڵام زۆر بەلاوازی. بەهۆی ئەم بێهێزبوونەی رژێمی بەعسەوە، بۆ كوردیش رێگە كرایەوە، كە وڵاتی خۆی، ئەگەر بەتەواوەتیش نەبێت، رزگار بكات.

دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لە كوردستان
ئازادبوونی كوردستانی باشوور، كاریگەری خۆی لە گشت پارچەكانی دیكەی كوردستان كرد. زۆری نەخایاند، كورد لەناو رۆژەڤی دیپلۆماسی جیهاندا جێ خۆی كردەوە. گەڕە دیپلۆماسییەكانی كورد دەستیپێكرا. بەڕێز كاك مەسعود بارزانی و مام جەلال تاڵەبانی لە وڵاتانی ئەوروپا تا ئەمریكا دیداری گرنگیان سازكرد. سیاسەتمەدار و پارتە ئەوروپییەكان، كە لە پێشان ئامادەنەبوون لەگەڵ كورد دانیشن، ئیدی لەسەر ئاستێكی بڵند لەگەڵ سەركردایەتی كورد كۆدەبنەوە. ئەو باوەڕییەی كە "كورد ناتوانێت خۆی بەڕێوەببات"، بەتایبەتی كە لەلایەن سیاستمەدارە ئەوروپیەكان دروست ببوو، بە بێبنەما مایەوە!
هەرچەندە دەربازبوون لە فەرهەگی پێشمەرگایەتییەوە بۆ دەسەڵاتی سیاسی و ئافراندنی دامودەزگای ئیداری و حكومی زەحمەتیش بووبێت، بەڵام بە هاوكاری هێزە هاوپەیمانەكان، بە هەبوونی فیداكاری و دڵسۆزیی ئەو كات، كە لە فەرهەنگی پێشمەرگایەتییەوە سەرچاوەی دەگرت، بووە هێزی چارەسەركردنی ئەو زەحمەتییانە.
ئەو پێشكەوتنانەی كوردستان دەوڵەتە دراوسێیەكانی نیگەران كرد، كە هەر یەكەیان پارچەیەكی كوردستانی داگیركردووە، بەدوای تێكدانی ئەم رەوشەدا گەڕان. رۆژنامەوانی تورك جەنگیزچاندار لە ساڵی 1991دا، بە بێهۆ نەیگوتووە "لەمەودوا كارتی (پەكەكە) لەهەمبەر پێشكەوتنەكانی باكووری عێراق بەكاردەهێنرێن". هەر كوردێكی رۆناكبیر، دەبێ لەسەر ئەم تەسپیتەی جەنگیز چاندار بیر بكاتەوە، شەڕی (پەكەكە) لەدژی هێزەكانی باشوور، هەروەها شەڕی ناوخۆی باشووری كوردستان، ئەو تەسپیتەی جەنگیز چاندار بە بیر مرۆڤ دێنێتەوە. دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ، كە بووە مایەی شەڕی ناوخۆیی، بە دەستوەردانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە ساڵی1998دا، بە پەیمانی واشنگتۆن كۆتاییهات.
گۆڕانكارییەكانی سەرەتای ساڵانی (90)كان، رێی لەبەردەم پارتی ئێمەش كردەوە. لە ماوەیەكی كورتدا پارتی هێزەكانی خۆی گەیاندە ئاستێك، كە دەیتوانی بە بێكەموكوڕی وەك (پەكەكە) دەستوەردانی رۆژەڤی بكردایە. بەڵام بەهۆی رەوشی هەستیاری باشوور، ئامۆژگاری و پێشنیاری برایانەی دەسەڵاتدارانی باشوور، ئێمە بڵاوەمان بە گشت هێزەكانی خۆمان كرد. نرخی ئەمە، بۆ ئێمە بە گران تەواو بوو، دیسان پارتی بووە دوو پارچە...
هەمدیسە پارتیمان لە ساڵی 1992دا قورسایی كاری خۆی خستەسەر مەیدانی خەباتی سیاسی. كۆنگرەی ساڵی 1992باشترین نموونەیە، كە كەسایەتییە سیاسی و رۆشنبیرە كوردەكان لەم كۆنگرەیەدا یەكگرتوویی خۆیان پیشاندا، كە لە هێزی جۆراوجۆرەوە هاتبوون. ئەم كۆنگرەیە بە بەشدارییەكی گەلێك بەهێز و گەرمی ئەم لایەنانە پێكهات، كە لە رێكخستنەكانی وەك رزگاری، ئاڵارزگاری، كاوە و گروپەكانی دیكە هاتبوون. پارتی وەكو هەموو جارێك بە بێئەوەی ستاتۆپەرستی بكات، رێگەی بۆ زانا و رۆناكبیرەكانی خۆی واڵاكرد. ئەمە لە ترادسیۆنی پارتیدا زۆر جاركراوە. هەر لە قۆناغی دامەزراندنی پارتی لەساڵی1965،1969،1975،1991،1992 دامەزرێنەر و كادرانی كۆن، بەدوای كادرە نوێیەكاندا رۆیشتوون، سەرۆكایەتی (پارتی)ـشیان داوەتە ئەم خوێنە تازەیە. بەم هەڵوێستە ترادسیۆنالە، پارتی توانیویەتی باوەڕییەكی مەزن بە كادرە نوێیەكانی بدات، باوەشی خۆی بۆ خوێنی تازە بكاتەوە، رێوەبەرایەتییەكەشی تەسلیم بەوان كردووە. گەلەكۆمەی "نیمچە ئنتەلەكتوئەلەكان" لەدژی ئەم یەكێتییەی پارتی سەركەوتوونەبوو. لەدوای ئەم یەكێتییە بەهێزە، هزری یەكێتی گشت هێزەكانی باكووریش هاتە كایەوە. مێژوو شاهدی ئەم هەوڵدانە دڵسۆزانەی (پارتی)یە. لە بورای خەباتی یاساییدا، لەگەڵ هەبوونی كەموكورتی لە رێكخستنی هێزێكی وەها، كە لەسەر ئەم خەباتە یاساییە، لە گەلێك لایەنەوە ئەژمار دەكرا، چ لە دەمەزراندنی پارتە یاساییەكاندا، چ لە دروستكردنی گەمەیەكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانتاران، قورساییەكی لە رادە بەدەر بەدیدەكرا. لەواری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان كاركرا. هەندێك وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا پێشوازییان لە شاندی پارتەكەمان كرد.

لە ساڵی 1993دا (پ. د. ك-باشوور)، لەگەڵ رێكخستنەكانی دیكەی وەك پارتی گەل، پاسۆك، سۆسیالیست، رێكخستنی گروپی كوردیی فەیلی و یەكێتی دیموكراتی كورد، یەكێتییەكی زۆر بەهێزی دروستكرد. (پ. د. ك-باشوور) لە هەڵبژاردنی ساڵی 1992دا 51% دەنگەكانی بە دەستهێنا، بەهۆی ئەو یەكێتییەی كە لە ساڵی 193دا دروستیكردبوو، بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەنگەكانی گەیاندبووە زیاتر 55%دا. ئەو بە هێزبوونەی پارتی، نیگەرانیی هەندێكی لایەنی لێكەوتەوە، بەهۆی ئەمەوە بناغەی شەڕی ناوخۆیی دانرا. زۆری نەخایاند لە دوای 6 -7 مانگ، كورد كەوتە نێو گەمەیەكەوە، كە بەمە شەڕی ناوخۆیی دەستیپێكرد. هەم دیسان خەباتی پارتیمان لەژێر سێبەری پێشكەوتنەكانی باشووردا مایەوە. هاوتەریب لەگەڵ بوویەرەكانی باشوور، پارتی ئێمە هەڵوێستی تەندروستی وەرگرت. بەهۆی ئەمەوە نیقاشێكی نوێ لەناو ریزەكانی پارتیدا دروست بوو.
لەبەرئەوەی رەوشی باشووری كوردستان بۆ ئێمە ئەوەندە هەستیاربوو، ئێمە هەموو هێزی خۆمان كۆنسەنترە(تەركیز)ی سەر پێشهاتەكانی باشوور كرد. ئەمە بۆ ئێمە زۆر روون بوو ، كە كاریگەریی ئەم هەڵوێستەمان، لەسەر ئەم یەكێتییە بەهێزەمان بە نرخێكی گران تەواو دەبێت. بەڵام بە هەر نرخێك بووبێت، لەوانە نییە پارتی كارێك بكات، كە ئەژمار بۆ رەوشە هەستیارەكانی باشوور نەكات. ئەم راستییە وابەستەیە بە فەرهەنگی پارتیمان. ئێمە، هەمیشە باشووری كوردستان وەك بیبیلەی چاومان پاراستووە. گەرەنتی بوونی مافی میللەتی كورد لە دەستووری هەمیشەیی عێراق، گرنگترین ئامانجی ئێمە بوو.

ئەنجامی گۆڕانكارییەكانی شەڕی ناوخۆی باشووری كە رووبەڕوومان بوونەتەوە
پێكهێنانی ئەنتەگراسیۆن (یەكانگیری)ی كادران لە نێوان كادرانی نوێ و كادرە كۆن، كە "كارتێكردنی پێشهاتەكانی باشوور رۆڵی خۆی هەیە". مانۆری سیاسی كە (هێشتانیش بەردەوامە) بۆ لەناوبردنی رێبازی (بارزانی)ی نەمر لە باكووری كوردستان، كە لەمیانەی ئەمەدا پارتیمان كراوەتە ئامانج، هەروەها لەلایەن خودی كادرانی پارتی تێنەگەیشتن لە راستیی فەرهەنگ و هێزی (پ. د. ك)، كە پارتیمان (ئەمڕۆ لە پرۆتۆكۆلی هێزەكانی ئاسایشی دەوڵەتی توركیا و لە داوانامەی ئەرگەنەكۆن، وەك هێزێكی ترسناك دەبینرێت)، لەگەڵ ئەمەدا هەڵوێست و تێڕوانینی هەندێك "نیمچەئنتەلەكتوئەلە" كوردەكان، كە لە ساڵی 1992دا پەیوەندییان بە ریزەكانی (پارتی)یەوە كرد، كە ئەم رەوشە(لەسەر كارەسات و شەڕی ناوخۆیی تا ساڵی 1998 لە باشوور بەردەوام بوو). پشتگوێخستنی پارتی باكووری كوردستان لەلایەن پارتی باشوورەوە.
لەگەڵ ئەوەی بوون بە هۆكاری لاوازبوونی پارتی باكوور، پارتی نەیتوانی رۆلی خۆی ببینێت، ئەمە تا كۆنگرەی نۆی 2005 بەردەوام بوو. لەگەڵ هەموو ئەم بەربەستانەدا، پارتی توانیی لە ساڵی2005 كۆنگرەی خۆی ببەستێت. ئێمە بە جۆشێكی مەزنەوە روومان لە خەبات كرد. رۆڵی پارتیمان، لە ناوەندی خەباتی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كورددا، وەك پارێزەرانی بارزانی نەمر دەبینرا. دیسان رێگە لەبەردەم ئێمەدا واڵابوو، ئێمەش دەستمان بەخەبات كرد. بەداخەوە، لە ئامادەكردنی كۆنگرەدا هەندێك هەوڵی نیگەتیف لەلایەن چەند كەسانی(لەخۆبایی) ئاستی كۆنگرەیان دابەزاند. ئەم كەسانە لە خەباتی رێكخستنی كوردیدا زۆرباش دەناسرێن، دەرەنجامێكی وەهای بەدوای خۆیدا هێشت، كە مرۆڤ ناتوانێت پێیەوە سەربەرز بێت. ئامانجیان لە خەباتێكی پیرۆز زیاتر تێركردنی رۆحی كەسایەتی خۆیان بوو. ئەوانە خاوەنی فەرهەنگی(با بچووك بێت، بۆ من بێت) بوون، بەڵام دوای ماوەیەك ئەو كەسانە لە دەسەڵات رایانكرد، رێگەی پارتی دیسان واڵابوو. جۆرە كادرێكی دڵخوازی خەبات دەست بەكار بوو. لەنێوان (2) ساڵدا چەند هەنگاوێكی جددی نران. لە رووی راگەیاندنەوە كارێكی زۆر باشكرا. كار بۆ دامەزراندنی دەزگا هونەرییەكان لە باكووری كوردستان كرا. بۆ بەردەوامیدان بە كاری دیپلۆماسی كۆمەڵە كەسێكی ئاستبەرز بە هاوكاری پارتی، گەلێك كاری سەرنجراكێشیان ئەنجام دا. لەمیانەی ئەم كارانەدا چەند دیدارێكی هێژا لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەوروپا، كۆمیسیۆنی ئەوروپا سازكران. هەر لەو سەروبەندەدا، دامەزراندنی "هەڤبەندی"، كە جگە لە (پەكەكە)، گشت پارتەكانی باكوور وەك پارتەكانی (هاك-پار) و (كادەپ) پێكهات، لەمبارەوە رۆڵێكی سەرەكیی بینی. لەم رووەوە پارتی بووە ئومێدێك لە باكووری كوردستان. گشت كەسانی وڵاتپارێز، رۆناكبیر و سیاسیی كورد چاویان لە خەباتی ئێمە بوو. پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ گشت پارتە كوردستانییەكان، بەتایبەتی لەگەڵ پارتەكانی باشوور جێی بایەخ بوون. لەم سەروبەندەدا ئەرگەنكۆنچییەكان هاتنە كایەوە. باشووری (كوردستان)یان كردە گۆرەپانی مانۆری خۆیان. لەمانە لە دەرەوەی كەركوك، پیلانی تێكدانی باری هەولێر و (سلێمانی)یان بەدەستەوە بوو. لە هێزەكانی باشوور زیاتر، هێزە ئەمریكییەكان بەدوای ئەواندا دەگەڕان. داڕشتنی پیلانی كوشتنی پارێزگاری كەركوك، لەڕێگەی كێشەی (جواڵ)ـەكەوە پووچەڵكرایەوە! ڤەدات یەنەر، كە لە باشوور وەكو رۆژنامەوانێك كاری دەكرد، كەسی من وەكو "پیاوی مەسعود بارزانی" دیاردەكرد، سەرئەنجام ئەو كەسە لەگەڵ ستراتیژیسیەنە (ئەرگەنەكۆن)ـەكان دەستگیركرا. ئاتیلا ئوگور، بەرلە دەستگیركردنی، لە ئیمرالی بەرپرسی ئاسایش بوو، ئەو كەسە لە سلێمانی دەسووڕایەوە. درێژ ئەل كەسێكی چەتەی ئەرگەنەكۆن بوو، لەلایەن هەندێك لە بەرپرسانی باشوور وەك مرۆڤێكی رێزدار پێشوازیی لێدەكرا.

توركيا و باشوور
لە ساڵی 1991 بەدواوە دەوڵەتی توركیا گشت هێزەكانی خۆی بۆ لێدانی دەسكەوتەكانی باشوور دەستەبەركرد، كە ئەمە وەك دیفاكتۆیەك لەژێر لووتیان دروست ببوو، ئەوانی نیگەران كردبوو. چەمكی سەختەكاری و فێڵبازیی "كورد و تورك بران" لەناو هەوڵەكانیاندا بەدیار دەكەوت. ئەو توركیای بۆ توركمانانی عێراق دنیای خراپ دەكرد، بەڵام بۆ دەسكەوتەكانی كورد، رزگاربوونی كورد لە زۆرداریی رژێمێكی فاشیست تەحەمولی نەبوو.
بۆ توركیا چاڵاكییەكانی حەماس رەوان، كادر و ئەندامەكانیشی بە قارەمان دەبینێت، بەڵام بارزانی و تاڵەبانی بە(سەرۆك عەشایەر" دادەنێت. چەكدارەكانی حەماس قارەمانن، بەڵام هێزی پشێمەرگە بە "جەردەوان" دادەنێت. چەكدارەكانی (پەكەكە)ش "تیرۆریست"ـن. بۆ مناڵەكانی فەلستین فرمێسك دەبارێنن، بەڵام مناڵەكانی كوردیش بە پشتیوانی(تیرۆر) لە قەڵەم دەدەن. ئەمە شتێك نییە قبوڵ بكرێت، ئەمە سەختەكارییە!
گەر مرۆڤ دەستی خۆی بخاتەسەر ویژدانی خۆی، دەبینێت كە (پەكەكە) لەهەمبەر كردەوەكانی حەماس، رێكخستنێكە لە مەلاییكەتەكان پێكهاتووە. تێڕوانینیان لەهەمبەر باشووری (كوردستان)یش بە هەمان شێوەیە. بۆ فەلستینییەكان داوای دەوڵەتێكی سەربەخۆ دەكات، كوردیش ناچاری دەسەڵاتی حكومەتێكی ناوەندگەرایی دەكات. سەرەڕای ئەمەش بووەتە پارێزەری(عێراقێكی یەكگرتوو). پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەكانی لەگەڵ عێراق، لەسەر بنەمای پاكتاوكردنی حكومەتی هەرێم دروست دەكات. راستە، لەم دواییەدا هەندێك نەرم بوون، بەتایبەتی حكومەتی تەییب ئەردۆگان. بەڵام ئەم نەرمبوونە، بۆ خاتری چاوە رەشی كورد نییە. بەڵكو پەیوەستە بە هەڵوێستی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەوروپا. بێگومان پێشهاتە جیهانییەكان، ئیفلاسكردنی سیستەمی كەمالیزم، بەهۆی ئەمانەوە دەوڵەتیش ناچارییەوە پێویستە هەندێك "هەنگاو" بنێتەوە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی، دەیەوێت ئەمەش لەسەر ئەژماری پاكتاوكردنی بزاڤی كورد بێت.
دانوستانی سیاسییان بە ناردنی شاندێك بۆ باشووری كوردستان دەستیپێكرد، كە ئەم شاندە بەسەرۆكایەتی راوێژكاری (میت) ئەمرە تانەر بوو. ئێستا بە پێویست نابینم زیاتر لەسەر دەتاكانی راوەستم. بە بێئەوەی كۆنسەپتێكی چارەسەری پێشكەش بكەن، بە فەرمی داوای پاكتاوكردنی گشت رێكخستنە چەكدار و ئیلەگالەكان (نایاساییەكان) دەكەن. سەیرە، لە رێگەی پەیوەندییەكانی دەسەڵاتدارانی باشوورەوە داوای پاكتاوكردنی قەندیل، (پەكەكە)، (پ. د. ك-باكوور و (پ. و. د) دەكەن. بەداخەوە...
ماوەیەكی زێدە بەسەر ئەمەدا تێپەڕنەبوو، كە هێزەكانی ئاسایشی دەوڵەتی توركیا لەژێر ئەم سیاسەتە نەرمەدا، پارتی ئێمەیان بە پارتییەكی(تیرۆریست) لە قەڵەم دا. ئەو پارتییەی لە گشت ژیانی سیاسی خۆیدا، بۆ رۆژێكیش بووبێت، چەكی بەكارنەهێناوە، كرا بە "تیرۆریست"!
لە هەموو لایەكەوە پاكتاوكردنی پارتیمان، (پەكەكە) و هێزەكانی باكوور دەستیپێكرد. دەستپێكردنەكە بە چ شێوازێكە، فیگۆرانەكانی كۆنسەپتەكە كێن؟ ئەم مەسەلەیە ئێستا كەمێك ئاشكرا دەكەم، ئەگەر پێویست بوو، بە هەموو دەتاكانیەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنم.

"كرانەوەی دیمكراتیك"
بەهەر هۆكارێكەوە بووبێت، ئەمڕۆ لە توركیا بڕوایەك دروست بووە، كە سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی دەوڵەتی توركیا سەركەوتوو نەبووە. سەد ساڵەی دوایین پڕە لە وەڵامی میتۆدی نامرۆڤانەی دەسەڵاتدارانی توركیا، لەهەمبەر سەرهەڵدان و خەباتی ئازادیخوازی گەلی كورد لەپێناوی مافە رەواكانی. كوشتن، لەسێدارەدان نەفیكردن وسیاسەتی ئاسمیلاسیۆن بەجارێك ئیفلاسی كرد! شەڕی چەكداریی (پەكەكە) بۆ دواڕۆژی توركیا بوو بە كێشەیەكی تایبەت. لە ئامانجی خۆیاندا كە دەیانگوت لە ماوەیەكی كورتدا هێزە تیرۆریستەكان لەناودەبەین، بەسەرنەكەوت. لەلایەكی دیكەوە لەژێر لووتیاندا، كورد لە باشووری كوردستان بوونەتە فاكتەرێكی سیاسی، كە دەتوانێت كاریگەریی لەسەر هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان هەبێت. هەڵوێستیان لەبارەی پەراوێزخستنی باشوور، كە هیچ كاتێك ئامادەنەبوون، لەگەڵیان دانیشن، بەسەرنەكەوتن! تێڕوانینە سەیروسەمەرەكانیان "بەناو پەرلەمانتۆ" و "بەناو كوردستان"، بەناچاری لە دەستەواژە سیاسییەكانیان دەرخست. بەكورتی، سیاسەتی دەوڵەتی توركیا بەسەرنەكەوت، دووچاری قەیران بووەتەوە. لەبەر ئەمەیە حكومەتی ئەردۆگان پێویستی بە هەندێك گۆڕانكاری دەبینێت. بەرنامەی خۆی بەناوی"كرانەوەی دیموكراتیك" راگەیاند. پێشان بەناوی"كرانەوەی چارەسەری بە رووی پرسی كورد"دا بوو. ئەو جوامێرانە، دەیانویست پرسی كورد چارەسەر بكەن، بەڵام هێشتا لە سەرەتادابوون كە پەشیمان بوونەوە. بەرەو دواوە گەڕانەوە، ناوی بەرنامەكەیان گۆڕی. دوورنییە، لە ماوەیەكی دیكەدا بە تەواوێتی واز لە بەرنامەكەیان بێنن. ئاخافتنەكانی ئەو دواییەی ئەردۆگان ئاماژەن بۆ ئەو راستییە. لە ئێستادا دیارە، كە هەموو هەوڵەكانیان بەرلە هەر شتێك بۆ پەراوێزخستنی هێزە چەكدارەكانی (پەكەكە)یە، لەگەڵ ئەمەشدا رێگرتنە لە بڵاوبوونەوەی هزری نەتەوەیی، كە رۆژ بە رۆژ لە باكوور بەهێزتر دەبێت. ئامانجی بنەڕەتییان گۆڕانی خودی كوردە، لەمەش خراپتر مەبەست دروستكردنی كوردی توركە. دەبێ مرۆڤ بپرسێت؛ گەلۆ ئەگەر كەسێك لە وشەی كورد و كوردستان را بكات، چۆن دەتوانێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد كەسێكی دروست بێت؟ راستە "كرانەوەی دیموكراتیك" رێگەی دیالۆگ دەكاتەوە، لەسەر پرسی كورد گفتوگۆیەكی ئازادانە بەڕێوەدەچێت، ئەمە دەتوانێت ببێتە رۆناكییەك بۆ نەتەوەی كورد، تورك و كەمەنەتەوەكانی دیكەش. بەڵام بۆ ئەمەش هیچ گەرەنتییەك نییە. هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2011، دەتوانێت گشت بەرنامەكانی حكومەتی ئەردۆگان بشێوێنێت. یاخود چواچێوەی بەرنامەكانیان تەسكتر بكاتەوە. لەوانەشە وەكو ئێستا بە شێوەیەكی نارێك و پچرپچر بەڕێوەبچن. دەبێ لە بیر نەكەین، جددییەتی كۆنسەپتی چارەسەری، یاخود دیموكراتیزەكردنی وڵاتێك، تەنیا بەقسە ناكەوێتە واری ژیانەوە.
دیموكراسی بە شێوەیەكی پچرپچر نابێت! توركیا ناچاری هەڵگرتنی هەنگاوی رادیكالانەیە. ئەمەش بە هاتنە كایەی گۆڕانگاری لە یاسای بەڕەتیدا پێكدێت. دەبێ لە یاسای بنەڕەتیدا جێگیركردنی مافی نەتەوەی كورد بنێتە مەرجێكی بنەرەتی! ئەو هەنگاوانەی ئێستا دەنرێن، بەپێی یاسای بنەڕەتی شتی نایاسایین. بۆیە ئاراستەی ئەم هەنگاوانە بەرەو ئاقارێكی نادیارن. پێدەچێت ببنە هۆكاری كارەساتێك لە سەرتاسەری توركیا. بۆیە پێویستە ئێمەی كورد وشیار بین، داخوازیی جددییەت، دروستی و بڕوا پێدان بكەین. بڕواش لە ئەنجامی گۆڕانكاری لە بڕگە یاساییەكان سەرچاوە دەگرێت. لە مێژوودا گەلی كورد بڕوای زۆری بە تورك داوە. ئێمە لە مێژوودا بۆ پێكەوەژیان شان بە شانی برای تورك، لە كاتی ئۆسمانییەكان و دامەزراندنی كۆماری توركیا، لەدژی هێزە هاوپەیمانەكان شەڕمان كردووە. بەڵام لە دوایین كاتدا لەدواوە خەنجەریان لە پشتی كورد داوە، فەرموون با سەیری سەرهەڵدانەكانی ساڵانی 1925 – 1938 بكەین. بۆیە ئێستا رۆڵی دەزگاكانی دەوڵەت، سیاسەتمەدار، رۆشنبیر و ئەكادیمیسیەنەكانی تورك هاتووە، كە ئیدی دەبێ ئەوان باوەڕی بدەن بە گەلی كورد. ئێمە بە زیادەوە بڕوامان بە ئەوان داوە! ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە؛ بەهەر شێوەیەك بێت، لایەنی توركیا كۆنسەپتی خۆیان ئامادە كردووە، دەیانەوێت لەسەر كورد بسەپێنن. ئەوان دەیانەوێت بەم كۆنسەپتە دەست لە "تیرۆر" بوەشێنن. هێزە "رادیكالە"كان لەناو ببەن. بەمە دەیانەوێت لەهەر لایەكەوە "توركیایەكی ئارام" بئافرێنن.

گەلۆ كۆنسەپتی ئێمەی كورد چییە؟
بە بڕوای من، بەشیر ئاتالای وەزیری ناوخۆی توركیا، بەچ شێوەیەك بۆ سەرخستنی كۆنسەپتی خۆی سەردانی گشت دامودەزگاكانی توركیا دەكات، رای پارتی و كەسایەتیی سیاسی وەردەگرێت، دەبوایە كوردیش بۆ پێكهێنانی كۆنسەپتێكی هاوبەش، بە یەكەوە گفتوگۆ و دیالۆكیان بكردایە. ئەمە پێكنەهات... لە جیاتی ئەمە، بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن بە "موخاتیب" وەربگیرێن، واتە "ئێمەین، نە كەس و هێزێكی دیكە!" بەڕاستی، هەبوونی هێزەكانی دیكە جێی پرسیارە. تائێستا لەدەرەوەی (پەكەكە)، بواری هێزێكی دیكە نییە، كە بتوانن دەستیان لە رۆژەڤی سیاسیدا هەبێت. ئەمە ماوەی (30) ساڵە گەمارۆی سیاسی لەسەر گشت هێزەكانی باكوور هەیە، هێشتانیش بەردەوامە! پێشهاتەكانی كۆنژەكتۆر و فاكتەرە بازرگانە سیاسییەكان، لە پشت دەرگا داخراوەكاندا، كوتەكیان لە گشت هێز و كەسایەتی باكووری كوردستان دا. لێرەدا راستییەك هەیە، لە سەرتاسەری جیهان، هیچ هێزێك وەك كورد بە فیداكاری و دەرفەتی خۆی تێكۆشینی بەردەوام نەكردووە. بەڵام هەوڵە فیداكارییەكانی بۆ سەركەوتن بەس نین. چەندین كەسایەتی هێژا هەن، كە (40) ساڵ زیاترە لەناو بزاڤی كورددا كار دەكەن، كە لە هەر بوارێكدا بوونەتە پسپۆڕ، ناتوانن لەهەمبەر كەسانی كەمالیستی وەك ئایسەل توغلۆك سەركەون. ئەمە ئیماژی بەردەوامبوونی كۆنسەپتی دەوڵەتی قووڵ بەخۆیەتی. (گۆڕانكاری ئەم رەوشە ئێستا دەستیپێكردووە).
بمانەوێ و نەمانەوێت ئەم پێشهاتانەی باكووری كوردستان، دەسەڵاتدارانی باشووری (كوردستان)یش پەیوەندار دەكات. ئەوانیش لەناو ئەم پرۆسەدۆرەدان. هەوڵەكانی پاكتاوكردنی هێزەكانی باكووری كوردستان، كاریگەرییەكی مەزن لەسەر ئەوانیش دەكات، بە زیانی ئەوانیش تەواو دەبێت. سەیرە، گەلۆ بەڕاستی نازانن، یاخود ناتوانن بیبینن؟ چۆن ناتوانن بیبینن، توركیا لە بنبەستكردنی رەوشی كەركوك رۆڵێكی سەرەكیی هەیە؟ لەبەر چییە، ئەردۆگان لە كاتی سەردانەكەی بۆ بەغدا پێشنیار دەكات، كە ئەوان ئامادەن هێزی سەبازی لە كەركوك جێگیر بكەن؟
دیارە، كە توركیا بەدوای "پەیمانی موسڵ"دا دەگەڕێت. ئەم پەیمانە لە 5/6/1926 لە نێوان توركیا، عێراق و بریتانیادا پێكهات. بەپێی ئەم پەیمانە توركیا لە ولایەتی موسڵ دەكشێتەوە، بە مەرجێك هیچ گۆڕانكارییەكی جوگرافی لە ستاتۆی هەرێمەكە دا نەكرێت، یانی هەرێمی كوردستان. لە هەمان پەیماندا، توركیا ئەمەی گەرەنتی كردووە، كە بتوانێت سنووری باشووری وڵاتمان ببەزێنێت، بۆ ئەوەی بەدوای نەیارەكانیدا بگەڕێت. لە دەرەوەی (بارزانی)یەكان، كێ بوون ئەو هێزە نەیارانە؟ ماوەیەكی كەم بەرلە پەیماننامەكە (شێخ عەبدولسەلامی بارزانی) لە سێدارە درا. توركیا ئەمەی بۆ خۆی كرد بووە ئامانج؛ كە شەڕی گشت بارزانییەكان بكات، ئەوان لەناو ببات. لە دەسپێكی ساڵی 1940 لە باشوور و رۆژهەڵاتی وڵاتمان، بزاڤی ئازادیخوازیی گەلی كورد دەستیپێكرد. لە ئەنجامی ئەمەدا لە 22/1/1946دا كۆماری كورد لە مەهاباد دامەزرا. هێزی بارزانییەكان رۆڵی هەرە گرنگیان تێدا بینی. دیسان ئەمە توركەكانی نیگەران كرد، كە (2) مانگ لەدوای دامەزراندنی كۆماری كورد، لە 29/3/1946دا توركیا بەناوی "پەیمانی پەیوەندیی دۆستانە" لەگەڵ عێراق هاوپەیمانییەكی مۆركرد. بەپێی ئەم پەیمانە توركیا ئەم مافەی پێدرا، كە بتوانێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باشووری وڵاتماندا ئەنجام بدات. واتە ئەمە لەسەر بنەمای نەهێشتنی بارزانییەكان كرابوو. بۆ ئاگاداریی هەندێك لە ئۆپتەمیستەكانی باشوور، ئەو كات چیرۆكی (قەندیل) و (پەكەكە) نەبوو.
ئێستا سەردەم گۆڕاوە، چاوی هەموو دنیا لەسەر پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەگەر بە شێوەیەكی كەمیش بێت، بەڵام كورد لەناو پەیوەندییەكانی نێونەتەوەییدا جێی خۆی گرتووە. توركیا ناتوانێت وەكو پیشەی هەموو جاری بە پەیمانی ئیلەگال هێرش بكاتە سەر كورد. بۆ ئەمەش بە پیلانی سەختەكاری (جامبازانە)، كە هێشتان دیارنییە لەناو "كرانەوەی دیموكراسی"دا چ هەیە، دەیانەوێت رێگە لە پێشكەوتنەكانی كورد بگرن.
گەلۆ تا چ رادەیەك كورد لە سەختەكارییەكانی توركیا ئاگادارە؟ لەراستیدا پرسی هەر گرنگ ئەمەیە! بۆچی دەسەڵاتدارانی باشوور بێدەنگن، ئەم ئۆپتمیزمە لە كوێ دێت! لەسەر چ بنەمایەك كۆنسەپتی سەختەكاری بە "باش" دەبینن؟ بۆچی لەمبارەوە رای براكانی خۆیان وەرناگرن، بەتەنیا بەجێیان دەهێڵن؟ ئایا تا هەنوكە سەبارەت بە "كرانەوەی دیموكراتی" هیچ لێكۆڵینەوەیەكی سیاسی كراوە، یاخود نا؟
لەبەر چی مام جەلال لە بانگەوازییەكەی خۆیدا كوردانی باكوور هاندەدات، كە "ئەوان ئاقڵ" بن، لە دەوری (ئاكەپە) كۆببنەوە! ئایا لەنێوان پارتی مالیكی و (ئاكەپە)دا چ جیاوازییەك هەیە؟ بەڕای من، جیاوازییەكی ئەو و تۆیان نییە، كە بتوانرێت كوردەكانی باكوور هان بدرێن، لە دەوری (ئاكەپە) كۆببنەوە. ئەم هەڵوێستەی مام جەلال بەڵگەیەكە، كە ئەوان چارەسەریی كێشەی كورد لە توركیا، لەناو كۆنسەپتی حكومەتی ئەردۆگاندا دەبینن.
خوا دەزانێت، ئاخۆ لە پشت دەرگە داخراوەكاندا چ جۆرە كلاوێك بۆ سەری كوردانی باكوور دەدوورێت. بێگومان ئێمە پێویستیمان بە ئامۆژگاری و ئەزموونی برایانی باشوورمان هەیە. ئێمە لە مێژووی بزاڤی خۆماندا بۆ چەندین جار سەلماندوومانە، كە ئێمە گەلێك بایەخ بە ئەزموونی ئەوان دەدەین. بەڵام ئەم هەڵوێستەی ئەوان تەنیا خزمەتی تێكچوونی هێزە نیشتیمانپەروەرەكان دەكات. وەكو لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، ئێستا پێویست ناكات داتاكان ئاشكرا بكەین. بەڵام بەداخەوە بەشێكی گرنگ لە دەسەڵاتی سیاسیی باشوور، ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە كۆنسەپتی "كرانەوەی دیموكراسی" دەكەن. لە راستیدا كارەساتی هەرە گەورە ئەمەیە!
مرۆڤ ناتوانێت گلەیی لە نەیارانی خۆی بكات. هەر لەو كاتەی لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتوونەتە هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەریكی هەڵخەڵەتاندنی كوردن. هەروەها كورد لەدژی كورد بە كاردەهێنن. ئەمە ترادسیۆنی باب و باپیریانە. بەڵام كاتێكە برایانی ئێمە، ئێمە ناچاری كۆنسەپتی بێناوەرۆك بكەن، ئێمەش مافی ئەوەمان هەیە، بیر لە خۆمان بكەینەوە، داوای مافی خۆمان بكەین.
كاتێكە حكومەتی عێراق، ئۆتۆنۆمییەكی كارتۆنیی لەسەر ئەوان سەپاند، ئێمە بە هەموو توانایەكمانەوە، لەپێناوی ئۆتۆنۆمییەكی راست و دروست پشتیوانی ئەوانمان كرد. راستە كە گۆڕانكاری بەسەر ئەم سەردەمەدا هاتووە، بەڵام دەبێ ئێوەش بەپێی توانای خۆتان لەپێناوی دەستەبەركردنی چارەسەرییەكی راست، پاڵپشتیمان بكەن. ئێمە لە برایەتی دەرەكی تێر بووین، ئێمە داوای برایەتییەكی راست دەكەین، ئێمەش مافی خۆمانە، هیچ كەسێك ناتوانێت بۆ ئاسوودەیی خۆی مافەكانی ئێمە بخاتە ژێر پێیەوە!
دووبارە دەكەمەوە، ئەگەر توركیا لە بەرنامەكانیدا هەندێك راستگۆیانە بێت، دەبێ ئەمە بسەلمێنێت، كەوا سەختەكاری ناكەن. ئەمەش بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی دەستەبەر دەبێت، بەپێی یاسا ئەوە بەواتای چەسپاندنی مافی گەلی كورد دێت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر كورد وشیار نەبێتەوە، هەر لە ئێستاوە داوای مافەكانی بە ئەنجامدانی چەند ریفۆرمێك كۆتا بكات، پرسی چارەسەریی كێشەكەی لە چوارچێوەی "كرانەوەی دیموكراتی"دا، بەلای زیادەوە وەك پرسی كەمەنەتەوەكانی ئەورپا "چارەسەر" دەبێت. برایانی ئێمەی باشوور، ئەگەر پشتگیریمان بكەن و نەكەن، ئەمە شتێكی دیكەیە. بەڵام دەبێ ئێمە ناچاری جێبەجێكردنی كۆنسەپتی بێناوەرۆك نەكەن. لە كاتی ئاوەرابوونیان سەرجەم پارچەكانی دیكەی كوردستان، یارمەتیی ئەوانیان دا. چ لە توركیا، چ لە ئێران و چ لە سوریا بە هەموو دەرفەت یارمەتییان دراوە. كاتێكە كادرانی باشوور لە ساڵی 1991دا نەیاندەتوانی سەد كەس كۆبكەنەوە، كوردی پارچەكانی دیكە، بە دەیان هەزار كەسیان لە سەرانسەری ئەوروپا بۆ خۆپیشاندان هێنایانە مەیدان. بە رادەیەكی زۆر میتینگ و مانگرتنیان سازكرد. بەڵام هەمان كەس، ئەمڕۆ لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك لە بەردەگای ئەوان بوونەتە پەنابەر، بەداخەوە!
ئەم بێعەدالەتییەی ئەوان، سەرنجی گەلێك لە دیپلۆماتە ئەوروپییەكانیشی راكێشاوە. خاتوو میتران لەناو پەرلەماندا بە زمانێكی شیرین ئەوانی رەخنەكرد.
ئەو گوتی؛ "ئێوە لە من باشتر دەزانن، كە ئاییندەی نەتەوەی كورد، وابەستەیە بە كوردستانی عێراق، بۆیە ئەركی ئێوەیە هاوكاریی چاڵاكوانانی كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان بكەن، ئێستاش دەوری ئێوەیە هاوكاری خۆتان بۆ كوردەكانی پارچەكانی دیكە بسەلمێنن. هاوكاریكردنی ئێوە تاكە گەرەنتییە بۆ سەركەوتنی ئەوان".
پارتی دیموكراتی باكوور، هەر لە رۆژی دامەزراندنیەوە تائێستا گشت هێزی خۆی خستووەتە پاڵ بزاڤی ئازادیخوازی لە باشوور. ئەو هێرشانەی دەكرانە سەر پارتی باشوور، لە هەمان كاتدا دەكرانە سەر پارتی باكوور. ئەو كات ئێمە برا و هاوپشكی یەكبووین. بەڵام ئێستا وەك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی باشوور دەفەرمووێت "ئێمە براین، بەڵام هاوپشك نین". وەكو ئەوها دیار دەكەوێت، ئەمە تەنیا هەڵوێستی كەسێك نییە، لە هەمان كاتدا گەلێك ئەندامی دیكەش خاوەنی هەمان هەڵوێستن. باشە چ بەرژەوندیی ئەوان لە بێهێزبوونی و پشگوێخستنی پارتیی "برا"دا هەیە؟ ئایا تاوانی ئێمەیە؟ بێگومان كەموكوڕیی ئێمەش هەیە، دەبێ قەبووڵی بكەین، كە ئێمە بێتواناین، كۆر و پەككەوتووین. باشە، مرۆڤ دەستی برای پەككەوتووی خۆی نەگرێت؟ بە بڕوای من، تێكچوونی (پ. د. ك-باكوور)، واتای نەمانی رێبازی بارزانی نەمر دەگەیەنێت لە باكووری كوردستان. لە راستیدا هەوڵەكانی دەوڵەتی توركیا نەهێشتنی لایەنگریی رێبازی (بارزانی)یە. لە رەوشێكی وەهادا پشتگوێخستنی (پ.د.ك باكوور) خزمەتی كێ دەكات. پ.د.ك باكوور، دەبێتە قوربانی هەڵوێست و ستراتیژیی هەڵە، كە دەكرێ لە رۆژێكدا لەسەر باشووریش بە نرخێكی گران تەواو ببێت. دەسەڵاتداری سیاسیی باشوور، نەتەنیا هێزە سیاسییەكان پشتگوێ دەخات، هەروەها پێشمەرگەكانی بەشەكانی دیكەش كە لە شۆڕشی ئەیلول و گوڵاندا بەشدارییان كردووە، پشتگوێ دەخات. قوتابی، دەزگا مەدەنییەكان رۆناكبیر و كارسازانی كورد(بزنسمان) وەك كەسانێكی هەتیم پشتگوێ خراون. گەلێك پێشمەرگە لە پارچەكانی دیكە بێماف ماون. بەر لە (2) –(3) ساڵ پێش ئێستا بە هەزاران كچ و كوڕی كورد دەیانویست لە زانكۆكانی كوردستان بخوێنن. ئەمڕۆ 70%ی ئەم داخوازییە كەمبووەتەوە. دەزگاكانی راگەیاندن لە پارچەكانی دیكە لەبەر دەرگاكەیان بوونەتە "سواڵكار". كارسازانی كورد مەغدوردەبن و كوردستان جێدەهێڵن. بەڵام كارسازانی تورك لە كوردستان گەورەترین تەندەر بەدەست دەخەن، تائێستا یەك كۆمپانیای توركیاش مەغدور نەبووە. خاوەنی زۆربەی ئەو كۆمپانیایانەش لەسەر بنەمای نەژادپەرستی سیاسەت دەكەن، هەروەها گەورەترین تەندەریش لە كوردستان بەدەست دەهێنن. نموومەی هەرە دوایین، سەرۆكی كۆمپانیای (یوكسەل)، سلێمان سەرڤەت سازاك، كە كوڕی (گوون سازاك)ـە، كە بەرلە (12)ی ئەیلول جێگری سەرۆكی (مەهەپە)ی نەژادپەرست بوو، سلێمان سەرڤەت سازاك خۆیشی ئەندامی (مەهەپە)یە، لە ساڵی 1999 لەسەر لیستی (مەهەپە) بوو بە ئەندام پەرلەمانی توركیا. ئەو كەسێكی نەژادپەرستە، لە رۆژی 29/10/2009 تەندری رێگەی كۆڕێ تا هەریر، بە بڕی (178) ملیۆن دۆلاری وەرگرت. هەر بەرلە چەند رۆژێكیش، جێگری سەرۆكی (مەهەپە) مەهمەت ئەكیجی، كە بە هاوكاری سەرڤەت سازاك سیاسەت دەكات، لە كۆنگرەیەكی لقێكی پارتەكەیدا، گەلێك سووكایەتیی بە سەرۆكی هەرێم مەسعود بارزانی و سەرۆك كۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی كرد. دووبارەكردنەوەی ئەو سووكایەتییەی مەهمەت ئەكیجی بە كاك مەسعود بارزانی و مام جەلال نابنە شتێكی ئەخلاقی. با راوێژكارەكانیان زەحمەتێك بكێشن، كە چ بێرێزی بە سەرۆكەكانیان كراوە، زانیاری كۆبكەنەوە. وەكو ئاشكرایە (مەهەپە) لەسەر خوێنی گەلی كورد سیاسەت دەكات. ئەو تەندەرانەی ئەو لە هەرێمی كوردستان وەردەگرن، دەبنە چەك لەدژی برایانی باكووری ئێوە بەكاردەهێنرێن.
من لە ئەنجامی هەموو ئەو رەوشە نادیار و تاریكەدا، وەرگرتنی هەڵوێستێك بە پێویست دەبینم. بەم شێوەیە بەردەوامكردنی بێدەنگی تەحەمول ناكرێت. من لەلایەی خۆمەوە، وەك كەسایەتییەكی كورد دوا رۆژی ئەم سیاسەتە هەڵەیە، نابینم ئەنجامەكەی باش بێت. ئەگەر بە شێوەیەكی فەرمیش نەبێت، بەرلە 6-7 مانگە، من دەستم لە كاروباری پارتی كێشاوەتەوە. وەكو گەلێك لە كوردەكانی دیكە بەدوای رێگەی نوێدا دەگەڕێم.
لەم نێوەدا من داوای لێبوردن لە گشت كادر و ئەندامانی پارتی دەكەم، كە نەمتوانیوە ئەركەكەم جێبەجێ بكەم. لەهەمبەر پارتی و برادەرانم شەرمەزارم. بەڵام خوا شاهیدی گشت پێشهاتەكانە. من هەوڵی زۆرم دا بۆ ئەوەی پارتیمان لەسەر رێبازی بارزانی نەمر، بتوانێت ببێتە ئەلتەرناتیفێك، هەروەها رۆڵێك بگێڕێت، بەڵام ئێمەیان بە تەنیا هێشتەوە. ئەمڕۆ برایانی ئێمە لە رەوشێكی باشدا دەژین، هیوادارم كە باشتریش بێت، لێرەدا وتەی فەیلەسۆفی ئەڵمانی نیچە دێتەوە بیرمان، كە دەڵێت "مرۆڤ گەورەترین هەڵە لەو كاتەدا دەكات، كە رەوشەكەی باشە". لەبەر ئەوەی من هەڵوێستی برادەرانمان لە باشوور، سەبارەت بە ئێمە راست نابینم، بۆیە بە پێویستی دەزانم ئەم هەڵوێستە پرۆتەستۆ بكەم.
من هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی باشوور پرۆتەستۆ دەكەم! ئەم پرۆتەستۆیەی خۆم بە رێپێوانێك لە هەولێرەوە تا بارزان رادەگەیەنم. من گلە و گازندەكانم دەبەمە حزوری بارزانی مەزن.
گەلۆ لەهەمبەر هەموو ئەو ناهەقییەی كورد لەگەڵ كورد، ئەگەر ئەمڕۆ بارزانی مەزن زیندوو بوایە، دەبوایە چیی بگوتایە؟ ئەگەر بۆ هەستانەوەی ئەو بۆ كاتێكی كەمیش فرسەت هەبوایە، بێگومان دەیگوت "نا، نەخێر ئەمە وڵاتی من نییە، رێگە بدەن با بگەڕێمەوە گۆڕەكەم!
رۆژهات ئامەدی
سكرتێری پێشوی پ.د.ك باكوور-
14.12.2009